ئینسان شکۆمەندیی بە میراتی بۆ نامێنێتەوە

حەمەسەعید حەسەن

کە چیرۆکێک دەنووسیت، سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕامەکێشە، ئەوەی دەیگێڕیتەوە، ڕووی داوە، ئاخر ئەگەر وات کرد، وەک ئەوە وایە، ددانت بەوەدا نابێت، بەرهەمەکەت چیرۆک نییە، هەواڵە. چیرۆکی واقیعی ئەوە نییە، لە واقیع لای نەدابێت، ئەوەیە بە خەیاڵ ئاو درابێت، ئاخر چیرۆک بە قەڵەمی خەیاڵ دەنووسرێت و چیرۆکنووس وێنەی واقیع بەدەم گۆڕانەوە دەکێشێت. ئەگەر توانات هەر هێندەیە، ئەوە بگێڕیتەوە کە بەسەر خۆت هاتووە، ئەوە لێت عەیان بێت، چیرۆکنووس نیت، لە باشترین دۆخدا ڕاپۆرتنووسیت. هۆڵدەرلین دەڵێت: (ئینسان کە بیر دەکاتەوە، دەرۆزەکەرە، بەڵام کە خەون دەبینێت، خوداوەندە،) ئەو بۆیە گوتم کە واقیع دەگێڕیتەوە، هەواڵنووسیت، بەڵام کە خەیاڵێکی بەپیت دەخەیە گەڕ، ئەدیبیت. ئەدەب نابێت واقیعی بێت، پێویستە لادان بێت لە واقیع، ئاخر ئەوە ئەرکی ئەدەبە، سنوور ببەزێنێت، بەردی بناغەی دابونەریت بلەقێنێت و پۆشاکی ژێرەوەی ڕەوشتی باو، بداتە بەر هەتاو.

ماریۆ ڤارگاس یۆسا کە زۆر جار ئەدەبێک دەنووسێت، لە ئێرۆتیکای تێدەپەڕێنێت و لە پۆڕنۆگرافی نزیک دەبێتەوە، دەڵێت: (ئەوە گرنگ نییە لە ماڵەوە چیمان هەیە، ئەوە گرنگە لەگەڵ کێدا دەژین.) ئاخۆ لەگەڵ کەسێکی وشکوبرینگی ناحاڵیدا دەژین، یان لەگەڵ کەسێکی خەیاڵفراوان؟ گرنگ ئەوەیە هاوژینی کەسێک بین، دڵی لەبەر ڕێژنەی ڕووناکیدا بێدار بووبێتەوە. یۆسا لە ڕۆمانی: (دەفتەرەکانی دۆن ڕیگۆبێرتۆ)دا دەڵێت: (کە ئارەزووی سێکس بە باڵایی گەییشتووە، زادەی ئەو سنوور و بەربەستە ئەخلاقییانەیە کە ئایین دایهێناون، ئەوە بۆیە پێوەندیی نێوان عاشقان، لە ئیرلاند گەرموگوڕترە وەک لە ئینگلاند، لای کاسۆلیک سەرچڵانەترە وەک لای پرۆتستانت، لە ئیسپانیا و ئیتالیا، گەشەسەندووترە، وەک لە ئەڵمانیا و سوێد.

موسوڵمان زوو زوو داوا لە کچی بچووک دەکات، کۆشی دابپۆشێت، کریستیان کچی بچووک ناچار دەکات، وەها دابنیشێت، ئەژنۆیەکانی لە یەکدییەوە نزیک بن، بەڵام لەگەڵ ئەم سنوور و سانسۆرانەیشدا، هێشتا ئەو ژنانەی لە قوتابخانە دینییەکاندا خوێندوویانە، لە ڕووی سێکسییەوە، خەیاڵفراوانتر و ئاگرینترن، وەک لەوانەی لە قوتابخانە عەلمانییەکاندا خوێندوویانە. ئەو کارەکتەرانەی یۆسا دەیانخوڵقێنێت، هەرچەندە کەسانی ڕاستەقینە نین، زادەی خەیاڵن، بەڵام هەر لە کەسانە دەچن کە لە دەوروبەرمان دەژین. ئەدەب ئاوێنەی واقیع نییە، (خۆراکی ڕۆحێکی یاخیبووە، مانیفێستی جاڕدانی بەرەنگاربوونەوەیە، ئاخر ئینسان شکۆمەندیی بە میراتی بۆ نامێنێتەوە، دەبێت خۆی پەیدای بکات. تا بەسەر زماندا زاڵ نەبین، نە دەزانین بیر بکەینەوە، نە پێمان دەکرێت خەیاڵ وەگەڕ بخەین و نە دەتوانین ڕەخنە بگرین. زەحمەتە هیچ دەسەڵاتێک بتوانێت گەمە بە ئاوەزی ئەوانە بکات کە دەخوێننەوە.)