ڕۆژنامەنووسێک ئاشکرای دەکات کە بانکی TBIی عێراقی گرفتی بۆ مووچەخۆران دروست کردووە و مووچەی 133 کەس بەهۆیەوە فەوتاوە و بانکەکە ئامادەنییە چارەسەری بکات.
ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی ئەمرۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی کردووە و دەڵێت؛” بانکی TBI گەورەترین گرفتی بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دروست کردوە و 133 مووچەخۆر مووچەکانیان فەوتاوە و زیاتر لە 2 هەزار 344 کەسی دیکەش کارتەکانیان هەڵەیە.”
دەربارەی فەوتانی مووچەی ئەو 133 کەسە، بەشدار بازیانی دەڵێت؛ ئەو مووچە فەوتاوانە بەهۆی ATM بانکەکەوەیە و بانکی TBI ئامادە نییە چارەسەری بکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت؛ “ئەوە بە حیساب باشترین بانکی عێراقییە و هەروەها ئەمە ئەو بانکەبوو کە موچەخۆران خەونیان پێوە دەبینی کە بهێندرێتە نێو پڕۆژەی هەژماری من.”
ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بە ناوی بەشدار شوان، دەربارەی بانکی TBI دەڵێت؛ “ ئەو مووچەخۆرانەی کە مووچە لە بانکی TBI وەردەگرن، گەر لە ملیۆنێک دینار زیاتر بێت، بانکەکە 10 هەزار دینار دەگێڕێتەوە.”
هەفتەی ڕابردوو مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا و زیاتر لە 450 هەزار فەرمانبەر لە ڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە مووچەکانیان وەرگرتووە.