مووچەی مانگی 6ی بەشێک لە خانەنشینانی سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی دەورووبەری ڕاگیرا و بە هۆکارێک ئەمڕۆ ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلولی 2025 بەڕێوەبەری یەکێک لە بانکەکانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند؛ “ژمارەیەکی زۆر خانەنشین بەهۆی نەبوونی ژمارەی کەسی بێ هاوتا (UPN) مووچەکەیان راگیراوە و ئەمڕۆ ناتوانن مووچە وەربگرن، بەڵام مووچەکانیان نافەوتێت.”
دەربارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڕێوەبەری بانکەکە دەڵێت،” ئەو خانەنشینانە دەچنە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشین، مامەڵەکانیان تەواو دەکەن و نووسراوێکیان پێدەدرێت، لەگەڵ هێنانی نووسراوەکەیان پارەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.”
ڕاگرتنی مووچەی ئەو خانەنشینانە پەیوەستە بە دەرکردنی نووسراوێک لە 2025-08-28 کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بە ناونیشانی “خەرجنەکردنی مووچە” بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوداچوون و لیژنەی باڵای بایۆمەتری/ پارێزگای سلێمانی ئاڕاستەی بانکەکانی سلێمانی کراوە.
ڕۆژی دووشەممە 2025-09-01 وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 1 تریلیۆن و 7 ملیار و 352 ملیۆن دیناری وەک تەموویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم و هەر دوای ئەوە وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی بڵاوکردەوە و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە هەموو مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.