سالم جاسم
دامەزراوە ناحکومییەکان دەتوانن خزمەتی بەرچاو بە کۆمەڵگە بکەن و هاوکاربن بۆ پڕ کردنەوەی هەندێک بۆشایی کە کاریگەریی نەرێنییان کردووەتە سەر تاک و کۆمەڵگە، ئەمەش بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، هاندانی گەنجان و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ بیرۆکە و داهێنانی گەنجان. کاتێک ئەم دامەزراوانە بەبێ جیاوازیی حیزبی، نەتەوەیی و ناوچەگەری کار دەکەن، دەتوانن لەناوخۆ پاڵپشتیی داراییی حکومەت و سەرمایەداران، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پاڵپشتیی وڵاتان و ڕێکخراوەکان بەدەست بهێنن. هاوکات لەنێو کۆمەڵگەشدا پێشوازیی زیاتریان لێ دەکرێت و هەر تاکێک ئامادەسازیی ئەوەی تێدا دەبێت کە پشتیان پێ ببەستێت.
هەبوونی دامەزراوەکانی لەم شێوەیە لە هەر وڵاتێکدا، مانای خراپیی حکومەت و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان نییە، بەڵکوو فاکتەرێکن بۆ یارمەتیدانی تاک و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، ئەگەر وا نەبوایە بۆچی لە هەر حکومەتێک فەرمانگەیەک هەیە بەناوی ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە؟ هەڵبەت لەو وڵاتانەی کە پێشەنگی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانین و حکومەتەکانیان باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، دەیان ڕێکخراو و دامەزراوەی ناحکومی هەن بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگە.
کۆمەڵگەی کوردی هاوشێوەی هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیهان پێویستیی بەو جۆرە دامەزراوانە هەیە. یەکێک لەو دامەزراوانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە کۆمەڵێک بواری جیاجیا کار دەکات، دەزگای روانگەیە. ئەو دامەزراوەی دوور لە هزری سیاسی، حیزبی، نەتەوەیی و ناوچەیی کار دەکات، هەموو ئەو سنوورە دەستکردانە تێدەپەڕێنێت کەوا بە درێژایی مێژوو نەیارانی ئەم خاک و وڵاتە بۆ کۆمەڵگەی کوردییان کێشاون. دوێنێ لە هەولێر و ئەمڕۆ لە هەڵەبجە، سبەی لە دهۆک و دووسبەی لە سلێمانی و ڕۆژێک لە گەرمییانەوە دەردەکەوێت بە بیرۆکەیەکی جیاواز سەرسامی خزمەتە کەم وێنەکەی خۆیمانی دەکات.
بێگومان ئەم شێوازی کارکردنە ڕەنگدانەوەی بیرفراوانی و دیدگای ادریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگاکەیە. ئەو هەمیشە وای دەبینێت کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەوە خزمەت پێشکەشی هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە بکات دوور لە هەموو ئایدۆلۆژییەکان، نەک ئاخۆ ئەو تاک و ناوچەیە لە ئێستا یاخود داهاتوودا چ سوودێکیان بۆ ئەو دەبێت! کاتێک دەزگاکەی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە گەرمیان دروست دەکات، یاخود لە دهۆک خوولی ڕاهێنان بۆ گەنجان دەکاتەوە، لە هەولێر ٢٠ هەزار دار زەیتوون دەچێنێت و سیستەمی سۆلەر پانێل بۆ گوندێکی سلێمانی دابین دەکات، هەموو ئەوانە نیشانەیەکی ڕوونن کە دەزگای روانگە بە دیدگای سەرۆک و دامەزرێنەرەکەی نیازی خزمەتێکی بەرچاویان هەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی بەبێ هیچ جیاوازییەک.
لە جیهانی مۆدێرندا لە پەراوێزی سیستەمی حکومڕانیدا، ئەو دامەزراوانەی کەوا کاری مرۆڤایەتی دەکەن، سنووری وڵاتەکانیان تێپەڕاندووە. بە نموونە: ئەو ئەمریکایەی کەوا پێشەنگایەتیی جیهان دەکات لە ساڵی 2015 کوڕی سەرۆکەکەی (جۆ بایدن) دامەزراوەیەکی بەناوی خۆیەوە دامەزراند (Beau Biden Foundation)، هەروەها شازادەکانی بەریتانیا خاوەنداریەتیی چەندین دامەزراوەی هاوشێوەیان کردووە، وەک (The Royal Foundation) کە لەبواری گەنجان و پەروەردە کاری کردووە، یاخود(Heads Together) کە پەیوەست بووە بە تەندروستیی دەروونی. روانگەش دەیەوێت لەو ڕێگەیەدا بازنەکان ببڕێت و خزمەتی مرۆڤایەتی بکات و ڕەنگدانەوەی ئەرێنیشی لەنێو ڕای گشتیدا لە فراوانبووندایە.