گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم دەڵێت؛ هەموو ماڵپەڕە بەدڕەوشتی و نەشیاوەکان لەگەڵ ڤیدیۆ توندوتیژییەکان لەرێگەی پاکێجی خێزانییەوە سانسۆر کراون.
دوێنێ یەکشەممە، 2025-08-31 دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند؛ “ دەمێکە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانە دەکەین کە دوورن لە دابونەریتی کۆمەڵگای کوردی، هەروەها هەموو ئەو بابەتانەی تووندوتیژییان تێدایە بەرامبەر ژن، منداڵ و ئاژەڵ، لەگەڵ سایتە نەشیاوەکان (سێکسییەکان)، هەموویان لە رێگەی پاکێجی خێزانییەوە سانسۆر کراون.”
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق دووبارە بڕیاری بلۆککردنی ماڵپەڕە ناشیاوەکانی دەرکرد و لەم بارەیەشەوە دیلان ڕەشاد دەڵێت؛ هەر خێزانێک دەتوانێت مانگانە لەگەڵ نوێکردنەوەی بەشداریکردنی لە هێڵی ئینتەرنێت، داوای پاکێجی خێزانی بکات، چونکە هەموو بابەتە نەشیاوەکانی تێدا سانسۆر کراون.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە سانسۆرکردنی ئەم ماڵپەڕە نەشیاوانە تەنها لە رێگەی پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانین کە هاووڵاتییان لە کاتی پرکردنەوەی ئینتەرنێت دەتوانن داوای بکەن و گوتەبێژی گواستنەوە و گەیاندن ئەوەش دەڵێت؛ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە مۆڵەتیان لە هەرێم وەرگرتووە پابەند بەو بڕیار و ڕێنمایانەی کە لە لایەن ئێمەوە دەردەکرێن.
چۆن ماڵپەڕە نەشیاوەکان بلۆک بکەین؟
بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز دەتوانن ماڵپەڕە نەشیاوەکان لە نێو ئامێرە زیرەکەکانیان بلۆک بکەن، بەڵام باشترین ڕێگە بۆ خۆپاراستن و بەتایبەت پاراستنی منداڵان، هەرزەکاران و خێزان لە بەرکەوتنی هەر جۆرە توندوتیژییەک یان ماڵپەڕە سێکسییەکان لە نێو سۆشیاڵ میدیا، دەتوانن لەکاتی پڕکردنەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت “پاکێجی خێزانی” هەڵبژێرن، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بۆ بەکارهێنەران دەستەبەرکراوە.