سەردار هەرکی
كەمی بەشداربووانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ، سەرەڕای بانگەوازی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان، هەڵگری پەیامەكی قووڵە , گەورەترە لە ڕووداوەكە. ئەم بێباكییە جەماوەرییە بە ڕوونی دەرخەری ڕادەی لەدەستدانی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و ئەو حزبانەیە كە نەیانتوانیوە ڕاستگۆیانە و ئازایانە ئازارەكانیان دەرببڕن یان پڕۆژەیەكی سیاسیی جددی بخەنە ڕوو بۆ چارەسەری پێداویستیی ڕۆژانەیان. بە پیل نەچوونی هاووڵاتیان بۆ بانگەوازی حزبەكان، ڕادەی ئەو نائومێدی و بێزارییەی هاووڵاتییانی كوردستان پێشان دەدات, كە لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی قەیرانە ئابووری و سیاسییەكان و شكستی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە پێشكەشكردنی بەدیلێكی جیاواز لە حزبەكانی دەست ڕۆیشتوو .
بەڵام ئەم واقیعەی ئەمڕۆ لایەنێكی ئەرێنیی زۆر گرنگی تێدایە. دیمەنی ئەمڕۆ ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە ئێستا باشترین زەمینە بۆ سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە – ئۆپۆزسیۆنێكی بوێر و ڕاستگۆیانە كە خەڵك لە مێژە چاوەڕێی كردووە. ئۆپۆزسیۆنێك كە خۆی لە پشت دروشمەكان نەشارێتەوە و بە دوای قازانجی حزبی و شەخسیدا نەگەڕێت، بەڵكوو باوەڕی قوڵی بە ماف و كەرامەتی هاووڵاتیان هەبێت, و هەوڵ بدات گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەفافیەت و لێپرسینەوە بنیات بنێت.
ئاشكەرابوونی لاوازی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا هەلێكی مێژوییە بۆ ئەوەی بەخۆدا بچنەوە، بەتایبەتی بە شێوازی كاركردنیان و گوتار و پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ كۆمەڵگادا. لە لایەكیترەوە مەودایەكی فراوانتر دەداتە كەسایەتییە ڕاستگۆ و نیشتمانپەروەرەكان، ( كە دوورن لە حیساباتی كەسی تەسك)، بۆ ئەوەی خۆیان وەك پڕۆژەیەكی ئەڵتەرناتیڤی ڕاستەقینە پیشان بدەن كە ئامانجیان خزمەتكردنی خەڵك و پاراستنی مافەكانیان بێت نەك دەستبەسەرداگرتنی و گەیشتن بە دەسەڵات.
لێرەوە دەتوانین بڵێین خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ سەرەڕای سنوورداریەكەی، پەیامێكی زۆر ڕوونی نارد (شەقامی كوردی چیتر ئامادە نییە متمانەی خۆی بە ئۆپۆزسیۆنێكی ڕووكەش و لاواز بدات. بەڵام هێشتا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی لەدایكبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕاستەقینە دەكات كە لە ئازارەكانی خەڵك سەرچاوە بگرێت وخواستەكانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و ژیانێكی شایستە بەدی بهێنێت).