شەوی ڕابردوو سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا و پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت؛ چەند سکاڵایەکی لەسەرە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە.
ڕۆژی سێشەممە 12ی ئابی 2025، جوڵانەوی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ ” ئەمشەو کاتژمێر 10 هێزێکی یەکێتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی بەڕێز (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕفاندوویانە.”
کەمتر لە کاتژمێک دوای ڕاگەیاندراوەکەی جوڵانەوی نەوەی نوێ، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، “ بە بڕیاری دادگەی کەتنی سێی سلێمانی دوو، لەسەر فەرمانی دەستگیرکردنی ژمارە’251 ک 2021′ لە 3-8-2025، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرا، هەروەها شەوی سێشەممە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر کرا و ڕێکارە یاساییەکانی بەرامبەر گیرایەبەر.”
کۆپیەکی نوسراوی دادگەی سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی “شاسوار عەبدولواحید” دەست داڵ میدیا کەوتووە و لە نوسراوەکە ئەوە خراوەتەڕوو؛ “سزادانی تۆمەتبار (شاسوار عەبدولواحید) بە سزای بەندکردن بۆ ماوەی 6 مانگ پاڵپشت بە ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ساڵی 1969 ی هەموارکراو.”

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە 13ی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید لەبەردەم دادگای کەتنی سێی سلێمانی دوو ئامادە دەکرێت. هەروەها سەرکەوت ئەحمەد بۆ میدیایەک ڕایگەیاند،” شاسوار عەبدولواحید لەسەر چەند سکاڵایەک دەستگیرکراوە، یەکێک لە سکاڵاکان لەسەر پشکەکانی چاڤی لاندە و یەکێکی دیکە لەلایەن پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.”