ملیۆنێک و 240 هەزار گەنج لە کار و پڕۆژەکانی دەزگای روانگە سوودەمەندبوون

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی گەنجە و بەڕێوەبەری دەزگای روانگە دەڵێت؛ تا ئێستا %34 کارەکانمان تایبەت بووە بە گەنجان.

ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئابی 2025 حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، لە پڕۆگرامی “ڕۆژ هیوا جەمال”ی تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند؛ “لە 13 ساڵی ڕابردوودا لە دەزگای روانگە زۆر بەجدی کاری لەسەر ڕۆحیەتی کاری خۆبەخشی کراوە و توانیومانە لەو بوارە سەرکەوتن بەدەست بهێنین.”

بەڕێوەبەری روانگە فاوندەیشن باس لەوەش دەکات؛ ” توانیومانە لە کار و پڕۆژەکانمان زۆرترین گەنج بەشداری پێ بکەین”، چونکە “ئێمە لە دەزگای روانگە لە تەواوی هەرێمی کوردستان ژمارەی کارمەندەکانمان 150 کارمەندە.”

لە لایەکی دیکەوە حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری دەزگای روانگە ئامارێک دەخاتە ڕوو و دەڵێت، “ لەماوەی 13ساڵی ڕابردوو، لە 8 سێکتەری دەزگای روانگە %34ی کارەکانمان تایبەت بووە بە گەنجان و تاوەکو ئێستا ملیۆنێک 240 هەزار و 500 گەنج لە کار و پڕژەکانمان لەگەڵمان بەشداربوون.”

نەتەوەیەكگرتووەكان، 12 ئابی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی جیهانیی گەنجان ناساندووە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا بۆنە و چالاكی سەبارەت بەكێشە و گرفتەكانی بەردەم گەنجان ئەنجام دەدرێت.