توێژینەوەیەک؛ شیری قوتوو کێشە بۆ کۆرپە دروست دەکات

توێژینەوەیەکی فەرەنسی ئاشکرای دەکات شیری قوتوو بە ئاسانی هەرس نابێت و پڕۆتینەکەی کێشە بۆ کۆرپە درووست دەکات، لەبەرامبەردا شیری دایک زۆر بە ئاسانی هەرس دەبێت. 

تیمێکی پسپۆڕ لە پەیمانگای نیشتمانیی فەرەنسا، توێژینەویەکی کشتوکاڵیان ئەنجام داوە و لە توێژینەوەکە دەرکەوتووە، شیری دایک بە ئاسانی هەرس دەبێت، بەڵام پڕۆتینی شیری قوتوو بەهۆی گەرمکردنەوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و هەرسکردنی قورسترە، وە دەری دەخات گەورەترین جیاوازی نێوان شیری دایک و شیری قوتوو لە پێکهاتە و پڕۆتینەکانی دایە.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، پڕۆفیسۆر ئیزابێل لو دەربارەی شیری دایک دەڵێت؛ نایترۆجینی ناپڕۆتینی، ئەو پێکهاتە گرنگەیە کە لە نێو شیری دایک دا هەیە و لە ناو شیری قوتوو فەرامۆش دەکرێت. سەرەڕای ئەوەی چەندین ماددە و زیندەوری سوود بەخش لە نێو شیری دایک دا هەیە و ناتواندرێت لە شیری قوتوو دەستەبەر بکرێت.

هەروەها باس لەوەش دەکات، ئەو جیاوازییانەی نێوان شیری دایک و شیری قوتوو کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەرسی کۆرپەلە درووست دەکەن. 

هەفتەیە ڕابردوو هەفتەی شیرپێدانی سرووشتی بوو؛ “شیری دایک، نەک تەنیا دڵۆپێک شیر، بەڵکو ڤاکسینێکە لە بەهەشتەوە و یەکەمین بەڵێنی ژیان و بەهێزترین قەڵغانە دژی نەخۆشی.” پزیشک و رێکخراوە جیهانییەکان بەم وەسفانە پشتگیری شیری دایک دەکەن و داوا لە دایکان دەکەن شیری خۆیان بدەن بە کۆرپەکانیان.