لە سلێمانی لیتری بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار دابەش دەکرێت

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند کە لیتری بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە 850 دینار بۆ هاووڵاتییان دەفرۆشرێت و هاوکات ڕێگە بە بازرگانان دەدرێت بەنزین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی، بەو مەرجەی پابەندی پێوەرەکانی کوالێتی بن.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە پابەندن بە دیاریکردن و دابەشکردنی ئەو بڕە بەنزینە حکوومییەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ سنووری پارێزگاکە دابین دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پشکە فەرمییە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بەسەر چەندین بەنزینخانەی دیاریکراودا دابەش دەکرێت تاوەکو بە نرخێکی جێگیر و پاڵپشتیکراو بگاتە دەست هاووڵاتییان.

سەبارەت بە نرخی بەنزینی بازرگانیی لە جۆری نۆرماڵ، پارێزگاری سلێمانی ڕوونی کردەوە کە پاڵاوگە گەورەکان لە ژێر چاودێری و ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا نرخ دیاری دەکەن، و بڕیار وایە لەگەڵ گەیشتنی بڕی پێویست بە نرخە نوێیەکە، بە مەرجی پاراستنی کوالێتی بەرهەمەکە و ڕەچاوکردنی قازانجی یاسایی بەنزینخانەکان، لیتری بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار بە هاووڵاتییان بفرۆشرێت.

هاوکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی، ئاسانکاری بۆ بازرگانان کراوە و سەرپشک کراون کە بەنزین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن، بەو مەرجەی پابەندی پێوەرەکانی کوالێتی بن و پرۆسەی فرۆشتنەکەشیان لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی لایەنە فەرمییەکاندا بێت.

ئەم هەنگاوانەی سلێمانی لە کاتێکدایە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاریدا نرخی سقفی بەرزترین بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بباتە سەر 850 دینار و لەوە زیاتر نەفرۆشرێت تاوەکو بارگرانی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم بێتەوە. بەپێی بڕیارەکە، دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەتیش بە نرخی 750 دینار بەردەوام دەبێت و هەر بەنزینخانەیەکیش پابەندی ئەم ڕێنماییە نوێیانە نەبێت، ڕووبەڕووی سزای داخران دەبێتەوە.