پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە 4 شاری سەرەکیی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتاییهات و ئەنجامەکان نیشانی دەدەن کە ڕێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە چوارچێوەی 210 ئەندامی پەرلەماندا، تەنیا 8 کورسییە.
ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 نەوار نەجمە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل لە سووریا ڕایگەیاند: “دوای تەواوبونی هەڵبژاردنەکانی حەسەکە و كۆبانێ، ڕێگا بە تەواوی خۆش بووە بۆ بەستنی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی گەل.”
نەوار نەجمە، ئاماژەی بەوەش کرد، “پێدەچێت سێ کورسییەکەی پارێزگای “سوەیدا” بە بەتاڵی بمێننەوە، هەروەها بەمزووانە ناوی ئەو 70 ئەندامەی کە بە بڕیاری سەرۆککۆمار دادەنرێن، ڕادەگەیەنرێت.”
ئەم پرۆسەیە دوای چەندین مانگ لە دانوستاندن و ڕێککەوتنێکی کاتی دێت لەنێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە کانونی دووەمی 2026.
پەرلەمانی سووریا لە 210 کورسی پێکدێت، کە 140 کورسییان لە ڕێگەی دەنگدانەوەیە و 70 کورسییەکەی دیکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی سووریاوە دەستنیشان دەکرێن، چاوەڕوان دەکرێت دوای ڕاگەیاندنی تەواوی ناوەکان، ژمارەی کورد لە ناو ئەندامە دەستنیشانکراوەکانیشدا هەبێت.
وردەکاریی دابەشبونی کورسییەکان بەپێی شارەکانی ڕۆژاڤای كوردستان:
لە پارێزگای حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری (ناوچەی جزیرێ)، 4 کورد و 4 عەرەب بوونە پەرلەمانتار؛
قامشلۆ: ڕزوان سیدۆ لە پارتی وەکهەڤی، کیم ئیبراهیم وەك سەربەخۆ لە پێكهاتەی کورد. عەبدولحەلیم عەلی و مەحمود مادی وەک عەرەب سەركەوتن.
حەسەکە: فەسڵا یوسف لە پارتی یەکێتیی کوردستان – وەحدە وەک کورد. عومەر هایس و ئیبراهیم عەلی وەک عەرەب سەركەوتن.
دێرک: ئەحمەد موراد وەک کورد. عەلوان عاید وەک عەرەب سەركەوتن.
لە کۆبانێ 2 پەرلەمانتار هەڵبژێردراون:
کۆبانێ: فەرهاد شاهین لە پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریا وەک کورد و شەواخ عەساف وەک عەرەب سەركەوتن.
لە ناوچەی عەفرین 3 پەرلەمانتار هەڵبژێردراون کە هەرسێکیان کوردن:
عەفرین: د. رەنگین عەبدۆ وەك سەربەخۆ، شێخ سەعید زادە و محەممەد سەیدۆ پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریا سەركەوتن كە سەرجەمیان كوردن.