مەسرور بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان: وەفاتان بۆ دەنگی خەڵک هەبێت

مەسرور بارزانی، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و جەختیش دەکاتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرپرسیاریەتیەکی نیشتمانییە و پێویستە لایەنەکان وەفایان بۆ دەنگی خەڵک هەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: “هیوادارم پەرلەمانتارەکان بێن و پەرلەمان کارا بکەنەوە و هەر قسەیەکیان هەیە لەوێ بیکەن، بۆ ئەوەی هەنگاو بنێین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.”

مەسرور بارزانی گوتیشی: ” کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە و پێویستە لایەنەکان وەفایان بۆ دەنگی خەڵک هەبێت.”

نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کراوە، تەنیا یەک دانیشتن بەڕێوەچووە و پەرلەمانتارەکان سوێندی یاساییان خواردووە، نە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوە نە ڕێککەوتن لەسەر کابینەی نوێی حکومەت کراوە.