ئەکسیۆس: ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ زۆر نزیکە

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی قەتەر لە نیویۆرک گەیشتوونەتە بنبەست، لە کاتێکدا نەرمی نەنواندنی هەردوولا ترسی دەستپێکردنەوەی پێکدادانی سەربازیی دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا زیاتر کردووە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکان ئاشکرای کردووە، کە هەوڵەکانی قەتەر بۆ کردنەوەی دەرچەیەکی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هیچ ئەنجامێکی بەدیاریکراوی نەبووە و هیچ کام لە لایەنە ناکۆکەکان ئامادە نین سازش لەسەر داواکارییە سەرەکییەکانیان بکەن.

چەقبەستوویی دانوستانەکان وایکردووە هەردوولا دەستپێکردنەوەی جەنگ بە ئەگەرێکی زۆر نزیک بزانن؛ بەرپرسانی واشنتن پێیان وایە ئەمریکا باڵادەستە لە ململانێکەدا و پێویستی بە چارەسەری مامناوەند نییە.

لە بەرانبەردا، ئێران جەخت دەکاتەوە کە تەنیا لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشوو ئامادەیە ڕێککەوتن بکات؛ هاوکات موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی مەرجەکانی بۆ واشنتن ڕوونکردووەتەوە بەڵام سەرۆکی ئەمریکا توانای بڕیاردانی لە نێوان شەڕ و دانوستاندا لەدەستداوە.

ئەم چەقبەستووییە دوای زنجیرەیەک دیداری چڕ دێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا عەلی سەوادی، نێوەندگیری قەتەری بە جیا لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی باڵای ئەمریکا بە بەشداریی ستیڤ ویتکۆف، جارید کوشنەر و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.

سەرەڕای ئاماژە سەرەتاییەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان، بەڵام هەڵوێستی نوێی ترەمپ تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەرەو خاڵی سەرەتا گەڕاندووەتەوە.