کەتائیبی حزبوڵای عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداریی زۆر توندی ئاڕاستەی حکومەتەکەی زەیدی کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر حکومەتەکە لە بەژەوەندیی گەلی عێراقدا کار نەکات، دەیڕووخێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026 کەتائیبی حزبوڵا، کە گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانە، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە بیانییەکان لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکان دەستپێکی بەدەستهێنانەوەی سەروەریی وڵات و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و ئابوورییە.
هاوکات هۆشدارییان دا لە بەردەوامبوونی گەمارۆی ئاسمانیی سەر ئێران و ڕایانگەیاند کە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە ڕووی ئەو وڵاتانەدا دادەخەن کە بەشدارن لە سەپاندنی گەمارۆ لەسەر تاران.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو گرووپە چەکدارە جەختی کردەوە کە لە دوای 30ی ئەیلوولەوە ڕووبەڕووی هەر پێشێلکارییەکی ئاسمانی دەبنەوە و هەر فڕۆکەیەک ئاسمانی عێراق ببەزێنێت، دەیخەنە خوارەوە.