پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون و پەرلەمان کارا دەکرێتەوە

پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 10 کارا دەکرێتەوە و ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ ئەو پرۆسەیە لە ئاستی باڵای پەرلەماندا دەستی پێکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئەیلوولی 2026 سەرچاوەیەک ڕایگەیاند:  پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 10 ڕێککەوتوون، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، لە دانیشتنی یەکەمدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.

لای خۆیەوە، سامان ئەحمەد بەکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتن و داوامان لێبکەن، ئێمە ئامادەین بە کەمتر لە 24 کاتژمێردا تەواوی ڕێوشوێنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان تەواو بکەین.”

 سامان ئەحمەد بەکر گوتیشی: لە سەرەتای کاراکردنەوەی پەرلەماندا، سێ سندووق دادەنرێت؛ یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، دووەمیان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سێیەمیشیان بۆ سکرتێری پەرلەمان تەرخان دەکرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمان ڕوونیکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، دوو پەرلەمانتاری گەنج ئەرکی ژماردنی دەنگەکان دەگرنە ئەستۆ و بەو شێوەیە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت، دوای ئەم قۆناخەش، دەرگا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، کە پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، پاشان سەرۆکی حکوومەت و ئەندامانی کابینەکەی متمانەی پەرلەمان بەدەست دەهێنن.

سامان ئەحمەد بەکر ڕوونیکردەوە، پەرلەمانی کوردستان دوای کاراکردنەوەی، لە ماوەی 30 ڕۆژدا لێژنە هەمیشەییەکانی خۆی دیاری دەکات و دەست بە کارەکانیان دەکەن.

خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بەشداریی نزیکەی 72%ـی هاووڵاتییان لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی فیدراڵیدا بەڕێوەچوو.