ئۆتۆمبێلێکی ئاسایش وەرگەڕا و چوار کارمەند بوونە قوربانی

لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایش لەسەر ڕێگەی عەربەت بۆ سلێمانی، 4 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی تووشی ڕووداوی وەرگەڕان بووە. دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستووەتەوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتایییەکان، باری تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیر و سەختە.

ڕێگەی عەربەت بۆ سلێمانی یەکێکە لە ڕێگە سەرەکی و پڕ لە هاتووچۆکانی پارێزگای سلێمانی، بەردەوام بەهۆی تیژڕەوی و کێشەی تەکنیکیی ئۆتۆمبێلەکانەوە، ڕووداوی هاتووچۆی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە.