داڵ میدیا – تایبەت
لە کاتێکدا عێراق لەبەردەم وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیماناندایە، واشنتۆن بە مەرجێکی قورس ڕووبەڕووی بەغدا بووەتەوە و چەککردنی تەواوەتیی گرووپە نایاساییەکان داوا دەکات. لە بەرانبەر سستیی بەغدا لە جێبەجێکردنی ئەم داوایەدا، پرسی دابەشبوونی عێراق و کارتی سەربەخۆیی کوردستان وەک ئامرازێکی نوێی گوشاری ئەمریکا دێنە ئاراوە.
بەپێی بەرنامەی پێشوەختە، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی پێبێت. سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە، بەڵام چەند گرووپێکی دیکە هێشتا ڕەتیدەکەنەوە دەستبەرداری چەکەکانیان ببن.
حکومەتی عێراق لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، دەستپێکی پڕۆسەی چەککردنی بۆ ۳۰ـی ئەیلول دیاریکرد و وادەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەکەشی تاوەکو مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو درێژکردەوە؛ بەڵام ئەم هەنگاوە نەبووەتە مایەی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی واشنتۆن.
گۆڤاری «وار ئۆن زە ڕۆکس»ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر دەرئەنجامەکانی شکستی بەغدا لە چەککردنی ئەو گرووپانە. گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر عێراق لە کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکاندا سەرکەوتوو نەبێت و بەردەوام لەژێر هەژموونی ئێراندا بمێنێتەوە، ئەوا کۆشکی سپی بە چاوی «وڵاتێکی بێسوود» لە عێراق دەڕوانێت و ئەگەری زۆرە بە تەواوەتی دەستبەرداری ببێت.
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک جەختی لەسەر پێویستیی دەستبەجێی چەککردنی میلیشیاکان کردەوە و ڕایگەیاند: «پێویستە میلیشیاکان چەک بکرێن و چەک تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرتەوازەبوونی عێراق بکرێت».
ئەم لێدوانەی ڕوبیۆ ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی عێراق و دابەشبوونی بۆ کیانی بچووکتر لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی (کوردی، سوننە و شیعە).
لە نێو سیناریۆکانی دابەشبووندا، پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان وەک بەهێزترین و ڕاستەقینەترین ئەگەر لێکدەدرێتەوە. چاودێران پێیان وایە کە ئەمریکا ڕەنگە پشتیوانی لەم بژاردەیە وەک کارتی گوشار بەرانبەر بەغدا بەکاربهێنێت، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە حکومەتی ناوەندی ناچار بکات پابەندی بەڵێنەکانی بێت و وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان دوابخات.