وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ دوو مانگ بەیەکەوە دابەش دەکرێت

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە بڕیارە هاوکارییە داراییەکەی هاوپەیمانان بۆ مووچە و تەرخانکراوی مانگەکانی هەشت و نۆی ئەم ساڵ دابەش بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦) بڵاو کرایەوە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا کە بڕی پارەی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگەکانی ٨ و ٩ی ساڵی ٢٠٢٦ خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.

سەبارەت بە خشتەی دابەشکردنەکەش، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند کە سەرجەم ڕێکارە کارگێڕی، دارایی و ژمێریارییەکان کۆتاییان پێ هاتووە و بڕیارە لە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٤ی ئەیلوول) پرۆسەی دابەشکردنی بەسەر هێزەکاندا دەست پێ بکات.

جێگەی باسە، پێدانی ئەم هاوکارییە داراییانە بەشێکە لە بەرنامەی هاوپەیمانان بۆ پشتیوانیکردن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کە پرۆسەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە دەستی پێکردبوو و لە ٢١ی ئەیلوولی ئەم ساڵیشدا وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی سەرجەم یەکە و هێزەکانی ڕاگەیاند.

لە لایەکی ترەوە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشووتر سەبارەت بە میکانیزمی بەردەوامبوونی ئەم یارمەتییانە ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕێککەوتنی دارایی هاوپەیمانان بۆ ماوەی چوار ساڵ بووە و قۆناغ بە قۆناغ لە تەرخانکراوەکەی کەم کراوەتەوە، بە جۆرێک کە لەم ساڵدا (٢٠٢٦) کۆتا قۆناغی جێبەجێ کراوە.