پارتی و یەکێتی لە ڕێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکدەبنەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”، لە هەولێر و سلێمانی ئاماژەی ئەرێنی بۆ نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەرکەوتوون، ئەمەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دواکەوتنی پرۆسەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوانیانەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە لە بەرپرسانی باڵای هەردوولاوە، بنەمای لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان هەردوو حیزب لەسەر ئەوە دانراوە کە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران بۆ پارتی بمێننەوە، لە بەرامبەردا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران دەدرێنە یەکێتی. لەم چوارچێوەیەدا، یەکێتی مەرجی داناوە کە دەبێت دەسەڵاتی نوێ و فراوانتر بە هەردوو جێگرەکە بدرێت بۆ چەسپاندنی شەراکەتی فراوانتر لە حوکمڕانیی هەرێمدا.

سەبارەت بە دابەشکردنی وەزارەتە سیادی و سەرەکییەکانیش، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە وەزارەتەکانی دارایی و کاروباری پێشمەرگە بۆ یەکێتی دەبن، لە بەرانبەردا هەردوو وەزارەتی نەوت و ناوخۆ بەر پارتی دەکەون.

ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێن کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسییان بەدەستهێنا، پاشانیش یەکێتی بۆ هاوسەنگکردنی کێبڕکێکە هاوپەیمانیی لەگەڵ نەوەی نوێ (15 کورسی) پێکهێنا. سەرکردەکانی هەردوو حیزبیش جەخت دەکەنەوە کە بە نیازێکی جدییەوە گفتوگۆکان بەردەوامن تا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کابینەیەکی هاوسەنگ کە دوور بێت لە قۆرخکاریی دەسەڵات.