مالیکی: زمانی هەڕەشە ئەنجامی نابێت

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، زمانی هەڕەشە و ئاڵینگاری لە نێوان دەوڵەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان کۆتایی هاتووە، ڕوونیشیکردەوە ئێستا کار لەسەر ڕێکخستن و لەخۆگرتنی چەک دەکرێت نەک داماڵینی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلوولی 2026 نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: ” ئەو زمانەی جاران کە پڕ بوو لە هەڕەشە، ئێستا گۆڕدراوە بۆ لۆژیک، چونکە هەمووان تێگەیشتوون هەڕەشە هیچ ئەنجامێکی نابێت.”

نوری مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد، “نە حکوومەت ئەوەندە لاوازە هێرشی بکرێتە سەر، نە هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە بەرژەوەندیی کەسدایە، هەر بۆیە دەرگای دیالۆگ کراوەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕێگر بێت لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری.”

سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردن، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕوونیکردەوە، “لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کار دەکات بۆ جیاکردنەوەی جۆرەکانی چەکی قورس، مامناوەند و سووک، تاوەکو شێوازێکی گونجاو بۆ کۆنترۆڵکردنیان بدۆزرێتەوە.”

مالیکی پێشتریش لە 26ـی ئابدا هۆشداری دابوو، گۆڕانی ئەم دۆسێیە بۆ پێکدادانێکی ناوخۆیی، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق.