بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم، لەبارەی ناردنی نامەیەکی ساختە بۆ شۆفێران ڕوونکردنەوە دەدات و دەلێت، ئەو نامەیەی بە زمانی عەرەبی لە واتسئەپ پێتان دەگات لەبارەی سزای سەرپێچی هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستانەوە نییە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم ڕایگەیاند: هەندێک لە هاووڵاتییان نامەیەکی درێژیان بە زمانی عەرەبی بۆ نێردراوە، باس لەوە دەکات سەرپێچی هاتووچۆیان کردووە و دەبێ لە ماوەی 48 کاتژمێر سزاکان بدەن، بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو ماوەیە ڕۆژانە سزای دواکەوتنی دەکەوێتە سەر و دوای 30 ڕۆژ دەدرێتە دادگا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات: شێوازی ناردنی ئەم نامەیەی سزای سەرپێچی هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان نییە.
هاتووچۆی هەرێم هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە وەڵامی ئەو جۆرە نامەیە مەدەنەوە و هیچ جۆرە پارەیەک بە هیچ ڕێگایەک بە ناوی سزای هاتووچۆ بۆ ئەو جۆرە سەرچاوانە مەنێرن.
لە کۆتایشدا دەڵێت: دەتوانن لە ڕێی پلاتفۆرمی KRD Pass یان ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ دەستتان بگاتە زانیاری دروست دەربارەی هەر جۆرە سزایەکی سەرپێچی کە لە سەر ئۆتۆمبێلەکانیان هەبێت، جگە لەو سەرچاوە فەرمیانە باوەڕ بە هیچ نامەیەکی دیکەی هاوشێوە مەکەن.