بڕیارە ئەم هەفتەیە دانیشتنێکی دادگا بۆ دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: “27 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە زیندان ماونەتەوە، بەڵام لە دانشیتنی داهاتوودا کە 3ی ئەیلوولە، 12 کەسیان دادگایی دەکرێن.”
دانا تەقیەدین گوتیشی: “بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی و مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن تۆمەتبار کراون، بەڵام دانیشتنی 3ی ئەیلوول تەنیا لەسەر مادەی 56 دادگایی دەکرێن، کە تایبەتە بە ڕێککەوتن بۆ تاوانێکی کوشتن.”
لاهوور شێخ جەنگی چەند جارێک براوەتە بەردەم دادوەر، کە یەکەم جار 12ی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 14ی ئایار بوو. بڕیار بوو 1ی حوزەیران دادگایی بکرێتەوە، بەڵام دانیشتنی دادگا نەکرا. لە سێ جاری چوونی بۆ دادگە، دوو جار دادگایی کرا و جارێکیش هیچ گوتەیەکی لێ وەرنەگیرا.
هەر یەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ڕێبوار حامید حاجی خالید لەو کەسانەن کە ئەم پێنجشەممەیە دادگایی دەکرێن.
لە مادەی 56دا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی ڕێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری “تاوان” (جناية) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) دەبێت، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری “کەتن” (جنحة) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە ڕێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4) ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.