گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئابی 2026 سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، “کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە سەربازییەکان دەستیپێکردووە، هەروەها ئەم هەنگاوە بەپێی ڕێککەوتنێکی پیشەییانە و دوور لە لایەنی سیاسی یان هەر ڕێگرییەکی دیکە، ئەنجام دەدرێت کە کۆمەڵێک لیژنەی ئەمنی و دەزگا جیاوازەکان کاریان لەسەر کردووە.”
سەباح نوعمان گوتیشی: ” هێزەکان لە بنکەکانیان دەکشێنەوە و ئەم پڕۆسەیە تاوەکو 30ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، کە ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی سەروەریی عێراق و ڕۆژێکی نیشتمانی دیاریکراوە.”
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، کە هێزە ئەمنییەکان توانای خۆیان سەلماندووە و دەتوانن ئاسایش و سەروەریی عێراق بپارێزن و کە حکومەت سورە لەسەر ڕێکخستنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، ئەو چەکەی خاکی عێراقی ڕزگار کردووە، دەبێت تەنیا لەژێر چەتری یاسایی و شەرعیی دەوڵەتدا بمێنێتەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، کە پلانێکی ستراتیژییان بۆ پتەوکردنی سیستەمی بەرگری هەیە، کە پشت بە چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزەکان دەبەستێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی تاوانکاری بەر لەوەی ڕووبدات.