نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پێشوازی لە بڕیارێكی ئەمریکا کرد بۆ لابردنی ناوی سووریا لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی کە پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی بە قۆناغێکی گرنگ ناوبرد بۆ پشتگیریکردنی پڕۆسەی بوژانەوە، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سووریا، هەروەها بەهێزکردنی پێگەی ئەو وڵاتە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕۆڵی سروشتی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا هیوای خواست کە ئەم بڕیارە ببێتە هەوێنێک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا پارێزراو بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گۆڕانکارییە ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەبێتە هۆی فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لە هەموو بوارەکاندا بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بە فەرمی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەرهێنا، کە لە ساڵی 1979ـەوە ناوی لەو لیستەدا بوو.