دادگای رەسافەی بەغدا بە بڕیارێکی دادوەری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی ڕاگرت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026 سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕایگەیاند: “بڕیارەکانی دژی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگیران و جێبەجێ ناکرێن.”
سیروان بارزانی گوتیشی: “بڕیارەکانی پێشووی سەرۆکی دەستەی گەیاندنی عێراق دژی کۆڕەک تیلیکۆم بێبنەما و نایاسایی بوون.”
خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم جەختی لەوە کردەوە، ئەم هەنگاوەی دادگای رەسافە کاردانەوەیەکە بەرانبەر بەو ستەمەی لێیان کرابوو، هەروەها دووپاتی کردەوە ئەوان هەمیشە متمانەیان بە دادپەروەری و ڕێکارە یاساییەکان هەبووە.
لە ماوەی ڕابردوودا دەستەی گەیاندنی عێراق ڕایگەیاندبوو، کۆڕەک تیلیکۆم بڕی نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزداری دەوڵەتە، بۆیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، نووسینگەی سەرەکیی کۆمپانیاکەی لە ناوچەی جادریە و سێ بنکەی دیکەی فرۆشتنی لە بەغدا داخست. هەروەها هەڕەشەی ڕاگرتنی تەواوەتیی خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکانی کردبوو.