دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر کچێکی کوردی تەمەن 20 ساڵدا جێبەجێ کرد، کە دۆسیەکەی پەیوەندیدار بوو بە پرسی هاوسەرگیریی زۆرەملێوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سزای سێدارەی کچێکی کورد بە ناوی دونیا موحەممەدی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کراوە. دونیا موحەممەدی، تەمەن 20 ساڵ و دانیشتوی شاری ئەیوان بووە، کە دوای دوو ساڵ مانەوە لە زیندان، ڕووبەڕووی توندترین سزای دادوەری بووەوە.
سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دونیا دوو ساڵ لەمەوبەر و کاتێک تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بووە، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی ئامۆزاکەی دەستبەسەر کراوە. قوربانییەکە کە لە هەمان کاتدا خوازبێنی بوە، بە گوتەی دەزگای دادوەری لە ڕێگەی “حەبی برنج”ەوە ژەهراوی کراوە، هەر بۆیە دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ دونیا موحەممەدی دەرکردووە.
لەسێدارەدانی ئەم کچە لاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شەپۆلێک لە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و چالاکوانان ڕەخنەی توندیان لە نەبوونی دادپەروەری، ڕەچاونەکردنی باری دەروونیی تۆمەتبار لە کاتی تاوانەکەدا و پێشێلکردنی سەرەکیتەرین پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە سیستەمی دادوەریی ئێراندا گرتووە.