هۆشداری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی دەدرێت

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەی تاکەکەسی هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەدەن بۆ دانانی چەکەکانیان، هاوکات هۆشداری دەدرێت لە ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول نەگەنە ڕێککەوتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19 ئابی 2026 ئەبو میساق مەساری، ئەندامی ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاند: “سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەی تاکەکەسی خەریکی دروستکردنی لێکتێگەیشتنن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێژنەیەکی دیاریکراو پێک نەهێنراوە.”

لەلایەکی دیکەوە، عەقیل ڕدێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر ڕایگەیاند: “ئەگەر تاوەکو 30ی ئەیلوول گرووپە چەکدارەکان چەک دانەنێن، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکان ڕوودەدات، ئەمەش وڵات دەخاتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە.”

گرووپە چەکدارەکان چەند مەرجێکیان بۆ چەکدانان هەیە، لەوانە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق، لەگەڵ ڕزگاربوونی ئابووری و بڕیاری سیاسی لەژێر هەژموونی ئەمریکادا.

حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ڕۆژی 30ی ئەیلوولی 2026ی وەک دوامۆڵەت بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و خستنەگەڕی چەکەکانیان بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دیاری کردووە.