دژەتیرۆری کوردستان: دوو درۆن ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئاژانسی پاراستن کران

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت: دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیران و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کران.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026 دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.”

دژەتیرۆر دەشڵێت: “ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە.”

حەدید 110 خێراترین درۆنی ئێرانییە، خێراییەکەی دەگاتە 510کم/کاتژمێر و بزوێنەرەکەی لە جۆری تۆربۆیە.