ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد و بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
ئەمڕۆ شەممە 15ی ئابی 2026 نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەمیانی دیدارەکەدا، قاسم عەبوودی و سەرۆک بارزانی دۆخی ناوخۆی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان عێراق و هەرێم کردەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تەوەرەکانی دیکەی گفتوگۆکان بریتی بوون لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان، ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان لەبارەی ڕێگرییکردن لە قاچاخچێتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، قاسم عەبوودی گوتیەتی “حکوومەتی فیدراڵی سوورە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ناوچەکانی عێراق.”
بڕیارە دوای کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش کۆببنەوە و چەندین پرسی ئەمنی تاوتوێ بکەن.