پڕۆژەی (هەژماری من) ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات تاوەکو بەخێرایی خۆیان تۆمار بکەن و کارتە بانکییەکانیان وەربگرنەوە.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، لە دوای 31ی ئابی 2026ەوە دابەشکردنی مووچە بە شێوەی نەختینەیی (کاش) بە تەواوەتی ڕادەگیرێت.
ئامارەکانی خۆتۆمارکردن و کارتە بانکییەکان:
کارتی ڕادەستنەکراو؛ نزیکەی 150 هەزار کارت ماون کە دەبێت لەلایەن مووچەخۆرانەوە وەربگیرێنەوە.
کارتی ئامادەکراوی بانکە حکومییەکان؛ 80 هەزار کارت لە بانکە حکومییەکاندا ئامادەن بۆ وەرگرتنەوە.
تۆمارنەکراوان؛ نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون کە هێشتا پرۆسەی تۆمارکردنیان لە بانکەکان تەواو نەکردووە.
ڕێنمایی بۆ مووچەخۆران:
ئاگادارکردنەوە بە کورتەنامە؛ وەرگرتنەوەی کارتەکان لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە دەبێت کە تێیدا ناوی ئەو بانکە دەستنیشان دەکرێت کاتێک کارتەکە ئامادەی وەرگرتنەوە بێت.
چاوەڕوانی؛ ئەو مووچەخۆرانەی تاوەکو ئێستا کورتەنامەیان پێ نەگەیشتووە، پێویستە لە سێ هەفتەی داهاتوودا چاوەڕێی نامە بن.
ناوەندی پەیوەندی؛ بۆ هەر پرسیار و زانیارییەکی زیاتر، مووچەخۆران دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 1991ی ناوەندی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکەوە بکەن.