لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا حەوت ئەندامی یەک خێزان بوونە قوربانی

بەهۆی ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆوە لە جۆری وەرگەڕان لەسەر ڕێگای سەرەکیی خەبات – هەولێر، حەوت ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی ئابی 2026 عەقید هێمن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: ” ڕووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکەوە بووە لەسەر ڕێگای خەبات – هەولێر، کە تەواوی سەرنشینەکانی ئەندامی یەک خێزان بوون.”

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی دیکەوە بێزار کراوە و هاوسەنگیی لەدەستداوە.

عەقید هێمن ئەوەشی خستە ڕوو، لە ئەنجامی ڕووداوەکە سێ کەس لە ئەندامانی خێزانەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و چوار کەسی دیکەشیان بریندار بوون.