وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتە تاران

ئەمڕۆ سێشەممە  وەزیری ناوخۆی پاکستان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2026 ئاژانسی هەواڵی “مێهر” بڵاویکردەوە، موحسین ڕەزا نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە تاران.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە،  پاکستان هەوڵە دپلۆماسییەکانی بۆ ناوبژیوانیکردن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەست پێکردووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە،  لە ئێستا تاران خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ سەڵتەنەی عومان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە هاوبەشی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە تا ئەمریکا بە مەرجەکانی ئێران ڕازی نەبێت لە بارەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکان، ئەوە گەرووی هورمز ناکرێتەوە.