ئەمڕۆ پرۆسەی گەڕانەوەی یەکەم کاروانی ئاوارەکانی شاری سەرێ کانی بەرەو ناوچەکان و زێدی خۆیان دەستیپێکرد، ئەوەش دوای حەوت ساڵ لە کۆچپێکردنی زۆرەملێ لە ناوچەکانیان.
پرۆسەی گەڕانەوەکە لەلایەن لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری کوردی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروانەکە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ گەڕاوەکان.
یەکەم کاروانی ئاوارەکان نزیکەی 650 خێزان لەخۆ دەگرێت و لە سەدان پیاو، ئافرەت و منداڵ پێکهاتوون کە لەگەڵ کەلوپەلەکانیاندا بەو هیوایەی کۆتایی بە دۆسیەی ئاوارەیی بێت، ڕوویان لە شارەکەیان کردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕوژانی ڕابردوو، ئاوارەکانی سەرێ کانی لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە گردبوونەوە و داوای قەرەبووی داراییان کرد بۆ ئەو خانوو و موڵکانەی تووشی کاولکاری و تاڵانکاری بوون، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە گەڕانەوەیان بەستراوەتەوە بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی قەرەبووکردنەوە و دابینکردنی زەمانەتی پێویست بۆ سەقامگیرییان.