پیاوێک دەست و قاچەکانی دەبن بە دار

لە قووڵایی دڵگیرییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لە شارۆچکەی خاش چیرۆکی پیاوێک، کە  بە بێدەنگی ژیانێکی پڕ لە ئازار و شکۆ بەڕێدەکات بووەتە خەمی هەمووان.

عەبدولنەسیر نەتوزەیی شاد، گەنجێکی 35 ساڵەیە کە ڕووبەڕووی نەخۆشییەکی دەگمەن و سەخت بووەتەوە بە ناوی “ئەپیدێرمۆدیسپلازی وێرموسیفۆرم” هەمان ئەو نەخۆشیەی لەناو خەڵکدا بە “نەخۆشیی پیاوی دار” ناسراوە، چونکە زیپکە و ئاوساوی و شێوەی پێستی، وەک توێکڵی دارێکی دێرین دەردەکەون.

عەبدولنەسیر، زیاتر لە 20 ساڵە توشبووی ئەم نەخۆشییەوە و پێوەی دەناڵێنێت، بەڵام خۆی پیشان نەداوە و لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، کە لە هەژماری ئینستاگرامی گەشتیارێک بڵاوبووەتەوە، بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەت و لە هەمان کاتدا سەربەرزانە دەڵێت؛ “سوپای خودادەکەم لەسەر ئەم حاڵەتەم.”

چیرۆکی تاڵی عەبدولنەسیر لەوەوە دەستی پێکرد، کە ساڵانێک لەمەوبەر، زیپکەی بچووک لەسەر قاچەکانی دروست بوون و سەرەڕای سەردانیکردنی پزیشکەکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە ساڵی 2015دا، نەخۆشییەکەی نەک هەر چاک نەبووەوە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی کرد و جەستەی بە تەواوی داگیر کرد.

 عەبدولنەسیر بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و خەمەوە ڕایگەیاند کە بەهۆی کێشەی ڤیزاوە ناتوانێت گەشت بکات و داوای لە خەڵک کرد تەنها نزای خێریان بۆ بکەن تا دەرگای ئەم دەرفەتەی لەسەر بکرێتەوە.

عەبدولنەسیر شوێنی تەمەن و ئازار بە جەستەیەوە دیارە، بەڵام ڕۆحی ئەوەندە گەورەیە، کە ڕێگەی نەداوە دەستەکانی، کە وەک چڵە داریان لێهاتووە، ببنە هۆی شکانی سنوری سەربەرزیی خێزانەکەی.