ئەحمەد شەرع پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە

ئەحمەد شەرع، لە شاری دیمەشق پێشوازی لە نێچێرڤان بارزانی کرد و جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکاریی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2026 ئەحمەد شەرع، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، “ئەمڕۆ لە شام پێشوازیم لە برای هێژام، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کرد.”

ئەحمەد شەرع دەڵێت: “لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشمان کردووە، بە شێوازێک کە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.”

ئەحمەد شەرع جەختیشی کردووەتەوە، بە بەرزییەوە دەڕوانینە ئەو لەخۆگرتنە و میواندارییەی کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەشی گەلی سووریای کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەی سەرۆککۆماری سووریا کردووە بۆ سەردانکردنی هەولێر و بەغداد.

دڵشاد شەهاب گوتیشی: “لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دیمەشق هەڵدەدرێتەوە و سووریا بڕیاری داوە کونسوڵخانەی خۆی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.”

هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “جەخت لەوە کرایەوە لە سووریای نوێدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت، هەروەها شەرع سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازی و حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا لە کاتی شەڕدا.”