تەقینەوەیەک لە سەربازگەی تاجی لە بەغدا ڕوویدا

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، لە ناو کۆگاکانی فیرقەی نۆیەمی سوپای عێراق لە سەربازگەی تاجی بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە ئاگرێک کەوتەوە و لە ئەنجامدا بووەتە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵێک لە تەقەمەنی سەربازگەکە بتەقێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئابی 2026  سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق گوتی: ” ڕووداوەکە لەناو کۆگاکانی سەربازگەی تاجی ڕوویداوە و لە ئەنجامی گەرمای بەرزدا هەندێک لە تەقەمەنییەکانی سەربازگەکە تەقیونەتەوە.”

 سەعد مەعن، ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە شوێنی ڕووداوەکەن و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

سەربازگەی تاجی، یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین بنکە ستراتیژییەکانی سوپای عێراق، کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بەغدا و ئەرکی پاراستن و دابینکردنی کۆگا لۆجیستییەکانی سوپای لە ئەستۆدایە.