سەرۆکوەزیران هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نیگەرانە لە بارودۆخی ئێستا و لە نامەیەکدا بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە ئەگەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکاندا بەدەنگییەوە نەیەن و هەماهەنگی لەگەڵ نەکەن.

ئەمڕۆ هەینی 31ی تەممووزی 2026 سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران نیگەرانە لەم بارودۆخە، بە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت، ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە: کێشەکانی عەلی زەیدی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە، کە هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان وەڵامی حکومەتیان نەداوەتەوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان و کۆتاییهێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەمەش بووەتە ناکۆکی لە نێوان سەرۆکوەزیران و هەندێک لەو سەرکردانەی پەیوەندییان بەم دۆسییەوە هەیە.

لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە، گرووپە چەکدارەکان بە ئاشکرا دژایەتیی عەلی زەیدی دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە چەک دابنێن.

هەروەها لە پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەشی، تاوەکو ئێستا 9 وەزارەتی کابینەکەی بە بەتاڵی ماونەتەوە و لە کۆی 23 وەزیر، تەنیا 14 وەزیر متمانەیان وەرگرتووە.