جەماڵ کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی عێراق دوای ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 جەماڵ کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستی پێکردووە. ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو لە عێراق بەهۆی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێنەوە دەوام نییە. چاوەڕی دەکرێ دوای تەواوبوونی پرۆسەکە و بە دیاریکراوی لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی دارای فیدراڵ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.”
جەماڵ کۆچەر گوتیشی: “ڕەوا نییە تاکە دەروازەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بێت و مووچەش ڕەوانە نەکرێ.”
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، “لەم کاتەدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق کەمیی پارەی کاشە کە وایکردووە، مووچەی خۆشیان 10 ڕۆژ دوابکەوێ.”
لەبارەی داهاتی نانەوتی جەماڵ کۆچەر گوتی: “ئەگەر بەغدا بە شێوازی لێبڕین مووجە بنێرێ و 120 ملیارەکەش ببڕێ، باوەرناکەم کێشە بۆ مووجەی هەرێمی کوردستان دروست بێت، چونکە دواجار هیچ جیاوازییەکی نییە.”