حکومەتی هەرێم گەنمی زیادەی جوتیاران دەکڕێتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە کڕینەوەی تەواوی ئەو گەنمە زیادەیەی جووتیاران کە لە سایلۆ فەرمییەکاندا وەرنەگیرابوو، پرۆسەکەش لە ڕۆژی دووشەممە 20ی تەممووزی 2026ـەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو 20ی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت، بە نرخی 400,000 دینار بۆ هەر تۆنێک.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند کە ئەنجوومەنی باڵای کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی، پلاندانان و هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان، گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی گەنمی ماوەی جووتیاران بە نرخی 400 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک بکڕنەوە، بەو مەرجەی کوالێتی بەرهەمەکان لەگەڵ پێوەر و ستانداردە فەرمییەکانی عێراقدا بگونجێت. جووتیاران دەتوانن لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە قەزاکان ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بەپێی هەمان سیستمی سایلۆکان گەنمەکانیان ڕادەست بکەن.

پارێزگاکۆی پشک (تۆن)وەرگیراوە (تۆن)ماوە (تۆن)
هەولێر122,680120,7171,963
دهۆک116,083115,104979
سلێمانی150,209140,7989,411
هەڵەبجە11,02810,760268
کۆی گشتی400,000387,37912,621

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک، بەشێکی زۆری پشکی فەرمی گەنمی جووتیاران وەرگیراوە و تەنها بڕێکی کەم لەو بەشەی کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە دیاریکراوە ماوەتەوە. بەمەش لە کۆی گشتی ئەو 400,000 تۆنەی کە حکومەتی عێراق وەک پشک بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردبوو، تاوەکو ئێستا 387,379 تۆنی وەرگیراوە و تەنها 12,621 تۆن لەو پشکە فەرمییە ماوەتەوە بخرێتە سایلۆکانەوە.

ئەم دەستپێشخەرییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی پارێزگای دهۆک بە تەنیا گەیشتووەتە 600,000 تۆن، بەڵام پشکی دیاریکراوی بۆ سایلۆکان تەنها 116,083 تۆن بووە. ئەم هەنگاوە نوێیە بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی جووتیارانی هەرێم لادەبات، کە پێشتر بەهۆی سنوورداریی پشکی وەرگرتن لە سایلۆ فەرمییەکاندا، ناچار دەبوون بەشێکی زۆری ماندووبوونی خۆیان بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بازاڕی ڕەشدا بفرۆشن و زیانی دارایی گەورەیان پێدەگەیشت.