وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەر هاوبەشان لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەی کارەبا نەدەن، ڕاستەوخۆ کارەباکەیان دەبڕدرێت. داواش دەکات بە زووترین کات پارەی کۆنی قەرزی کارەبای پێش ڕووناکی بدرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو هاوبەشانەی پڕۆژەی ڕووناکی کە لە ماوەی 50 ڕۆژ دوای دەرچوونی پسوولەکانیان پارەی کارەبا نەدەن، سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکانیان دەپچڕێنێت. گەڕانەوەی کارەبا تەنها دوای دانی تەواوی بڕی قەرزەکان دەبێت و لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا لە ڕێگەی “ئی-پسوولە”وە کارەبا بۆ هاوبەشەکە چالاک دەکرێتەوە.
وەزارەتی کارەبا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارە بۆ چەسپاندنی دادپەروەرییە لەنێوان هاوبەشاندا، چونکە بەشێکی کەم لە هاوبەشان بڕێکی زۆر کارەبا بەکاردەهێنن بەبێ ئەوەی پارەکەی بدەن، ئەمەش بارگرانی بۆ وەزارەت دروست دەکات و کار دەکاتە سەر توانای دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.
وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوبەشان دەکات بە زووترین کات خۆیان لە پڕۆژەی رووناکی تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداری دەرچوونی پسوولەی نوێ و کاتی پارەدان بن. پرۆسەی خۆتۆمارکردنیش ئاسانە و دەکرێت لە رێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارە (1992)، یان سەردانیکردنی ماڵپەڕی (runaki.gov.krd)، یان سکانکردنی کیو ئاڕ کۆدی (QR Code) سەر پسوولەکە، و یانیش سەردانیکردنی نزیکترین بنکەی فرۆشیاریی وزەوە بکرێت.
لە حاڵەتى بڕینى کارەبادا، هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەى پسوڵەکەیانەوە پارەکە بدەن و لەو کاتەدا لە ماوەى 24 کاتژمێردا کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام وەزارەت هۆشدارى دەدات کە ئەگەر هاوبەشەکە بچێتە بەشى فرۆشتنى وزە بۆ پێدانى پارەکە، ڕەنگە پڕۆسەى گەڕاندنەوەى کارەباکەى کاتێکى زۆرتر بخایەنێت و دوابکەوێت.
پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی 11ی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.