خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بوو، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد؛ وەزیر سەلامەتە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەممووزی 2026 وەزارەتی دادی عێراق بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە کاتژمێر 9:30ی شەوی دووشەممە لەسەر ڕێگەی خێڕای فڕۆکەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕوویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلەکەی وەزیری داد.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی داد ڕایگەیاند: “بەگوێرەی هێلکاریی هاتووچۆ، دەرکەوتووە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکە بە ڕێژەی 100% خەتابار بووە، ئەوەش بەهۆی خێرایەکی زۆر و پابەندنەبوون بە بە ڕێساکانی لێخۆرین کە بووەتە هۆی پێکدادانەکە.”
وەزارەتی داد دەڵێت: ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و خالید شوانی و پاسەوانەکانی سەلامەتن.