گەڵف کیستۆن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان بەرز دەکاتەوە

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم ڕایگەیاند کە دوای دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە و لە ئێستادا قەبارەی دەرهێنانی ڕۆژانە لە 43,000 بەرمیل تێپەڕیوە.

ئەم کۆمپانیایە کە لە 24 حوزەیرانی 2026ـەوە پرۆسەی بەرهەمهێنانی دەستپێکردووەتەوە، لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ واژۆکردنی گرێبەستی درێژخایەنی هەناردەکردن تاوەکو بتوانێت نەوتەکەی بە نرخی بازاڕە جیهانییەکان ساغ بکاتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ جێگیرکردنی داهاتەکانی و گەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی کارەکان لەسەر بیرە نەوتییەکان لە هەفتەکانی داهاتوودا، گەڵف کیستۆن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ داڕشتنی پلانێکی نوێی گشتگیر بە مەبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی شێخان. کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ڕووی داراییەوە لە دۆخێکی جێگیردایە و قەرزەکانی لە ئاستێکی نزمدان، ئەمەش وایکردووە بتوانێت بەرگەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕ بگرێت، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2025دا پاشەکشەیەکی کەمی لە داهاتی نەختینەییدا بەخۆوە بینیبوو.

گەڵف کیستۆن وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆ لە بواری نەوت و گاز کە پشکەکانی لە بۆرسەکانی لەندەن و ئۆسلۆ مامەڵەیان پێوە دەکرێت، سەرپەرشتی کێڵگەی شێخان دەکات کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش داوە کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەمنیی ناوچەکە دەکەن تاوەکو بەردەوامی بە پرۆسەی گەشەپێدانی کێڵگەکە بدەن، کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا توانا و بەهای ئەم کێڵگەیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر ببێتەوە.