ئەمڕۆ ئەمیری پێشووی قەتەر شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی و باوکی میری ئێستا لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026 دیوانی ئەمیری لە دەوڵەتی قەتەر لە بەیاننامەیهكدا ڕایگەیاند: “بە دڵێکی باوەڕبوو بە قەزا و قەدەری خودا، دیوانی ئەمیری سەرەخۆشی دەکات بۆ کۆچی دوایی کۆچکردووی گەورەی نیشتمان، خوالێخۆشبوو خاوەن شکۆ ئەمیری باوک شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، کە بەیانی ئهمڕۆ یەکشەممە لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.”
حەمەد بن خەلیفە ئال سانی, لە ساڵی 1977 وەک شازادەی جێنشینی قەتەر سوێندی خواردوه و وەک وەزیری بەرگری وڵات دەستنیشان کراوه، لە ساڵی 1989 بوه بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای پلاندانان، ئەنجومەنێک کە بەرپرسیارە لە داڕشتنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵات، هاوكات لە 27ی حوزەیرانی 1995 تا 2013 میری قەتەر بووە.
کۆتا دیمەنی شێخ خەلیفە وەک فەرمانڕەوای قەتەر لە فڕۆکەخانەی دەوحەدا بوو، کاتێک ماڵاوایی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکرد و بەرەو سویسرا بەڕێدەکەوت بۆ بەسەربردنی پشووەکەی، ماڵاواییکردنی شێخ خەلیفە بن حەمەد و کوڕەکەی شێخ حەمەد کە جێنشینی بوو لە فڕۆکەخانە زۆر ئاسایی و بێ گرژی دیار بوو.
لە ساڵی 1952 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەدایکبووە و خوێندنی لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا ناوەندی لە هەمان شار تەواو کردوە، پاشان چووەته ئەکادیمیای سەربازی ساندهێرس لە ئەمریکا و لە ساڵی 1971 دەرچووە و پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانی قەتەرەوە کردوە.