بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کەمپینی نەخێر بۆ لە سێدارەدان کە بڵاویکردووەتەوە، 56 زیندانی جیاواز لە ئێراندا دژی سزای لەسێدارەدانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 کەمپینی “نەخێر بۆ لەسێدارەدان” ڕایگەیاند: ئێران لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر زیاتر لە 177 زیندانیدا جێبەجێ کردووە و دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم سزایانەش هێشتا بەردەوامە.
کەمپینەکە دەڵێت: دۆخی چوار زیندانیی سیاسیی کە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆدەرچووە، بە ناوەکانی (عەلی فەتاح، محەممەد نەقیزادە، عەلی کەمالی و پەیمان گەنجی) کە لە زیندانی قزلحەسار ڕاگیراون باش نییە.
ئەندامانی کەمپینی “سێشەممەکانی نەخێر بۆ لەسێدارەدان” داوای ڕاگرتنی خێرای هەموو جۆرە لەسێدارەدانێک دەکەن و داوا لە سەرجەم چالاکوانانی سیاسی، مافەکانی مرۆڤ، مەدەنی و سەندیکایی دەکەن کە بە هەر شێوازێک بێت سەرکۆنەی ئەم سزایە بکەن و هەنگاوی جدی بۆ ڕاگرتنی بنێن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەدیهاتنی ئازادی، یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بەبێ دەستەبەرکردنی مافی ژیان مەحاڵە.