قایمقایمی هەولێر: نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێت

قایمقایمی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین بەردەوامە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا نرخی یەک لیتر بەنزینی نورماڵ بۆ خوار 1000 دینار دادەبەزێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەممووزی 2026 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقایمی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند: “پێشتر گوتمان کە گرانیی بەنزین کاتییە، ئێستا دڵنیایی دەدەینە هاونیشتمانییان کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە نرخی دادەبەزێت و وەکو پێشووی لێدێتەوە.”

نەبەز عەبدولحەمید، گوتیشی: “لیژنەکانمان بە شێوەیەکی کتوپڕ سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و نموونەی بەنزین وەردەگرن. هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت، ڕێکاری توندی بەرانبەر دەگیرێتە بەر کە پێبژاردن و داخستنیشی تێدایە.”

قایمقایمی هەولێر ئاشکراشی کرد، کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە بۆ ئەوەی نرخی بەنزینی سوپەر و محەسەنیش ڕێکبخرێت و ڕێگە لە قۆرخکاری بگرێت.