ئاسانکاری و لێخۆشبوون بۆ وەبەرهێنەران لە ناوچە کەم گەشەسەندووەکان دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ڕایگەیاند کە بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی و ئاسانکاری تەواو بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە دابین دەکرێت کە پڕۆژەکانیان لەو ناوچانە جێبەجێ دەکەن کە گەشەسەندنیان کەمترە.

د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک، ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی هاوبەش چەندین ناوچەی وەک قەزاکانی ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، شێخان و ناحیەکانی خانکێ و مانگێشیان بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کردووە و هەر پڕۆژەیەک لەو سنوورانە بونیاد بنرێت، لە دانی کرێی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا دەبەخشرێت.

ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەت ئامانجیەتی بووژانەوەی ئابووری و گەشەکردن بگەیەنێتە ناوچە دوورەدەستەکان و لە ئێستاشدا ژمارەیەک وەبەرهێنەر ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان نیشانداوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو ئێستا، قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار و مۆڵەتی فەرمی بە زیاتر لە 300 پڕۆژە دراوە، کە تێیاندا کەرتی نیشتەجێبوون لە پلەی یەکەم و کەرتەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵ لە پلەکانی دواتردا دێن. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پلانە نوێیە دەرەنجامی ئەرێنی خێرا لەسەر گەشەی هاوسەنگی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە دروست بکات.