شاندێکی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لە داهات و خەرجییەکان گەیشتە هەرێمی کوردستان

بە مەبەستی ئەنجامدانی وردبینی لە سەرجەم داهات و خەرجییەکانی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگی دووەمی ساڵی 2026، شاندێکی فەرمی لە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ گەیشتە شاری هەولێر.

ئەم پرۆسەیە کە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە خولییەکاندا ئەنجام دەدرێت کە سێ مانگ جارێک بۆ چاودێریکردنی دۆخی دارایی و هەڵسەنگاندنی داتاکان دووبارە دەبێتەوە.

بڕیارە شاندەکەی بەغدا بۆ چەند ڕۆژێک لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە تاوەکو بەتەواوی وردبینی لە داتاکانی سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ بکەن و لە کۆتایی پرۆسەکەشدا ڕاپۆرتێکی هاوبەش لەسەر ئەنجامەکان پێشکەش بکەن، کە تێیدا سەرنج و تێبینییە جیاوازەکانی هەر لایەنێک بە جیا دەخرێنە ڕوو ئەگەر لەسەر داتایەک هاوڕا نەبن.

سەبارەت بە داهاتە ناوخۆیی و نانەوتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە هیچ تێبینییەکی لەسەر وردبینیکردنیان نییە و پێشتریش لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیان داوە کە قەبارەی داهاتی نانەوتی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

لە لایەکی دیکەوە، لایەنی کوردی ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ ئەوەی شاندەکەی بەغدا بە تایبەتی پشکنین بۆ داتا داراییەکانی مانگی حوزەیران بکەن، تاوەکو لە ڕاستی و دروستی ڕێژەی داهاتەکان دڵنیا ببنەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەردوو حکومەت لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە داراییەکان و دڵنیابوونەوە لە شەفافیەت لە خەرجی و داهاتەکاندا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.