جووتیارانی زیانمەند لە پڕۆژەی ئاوی هەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانە تەواو کراون کە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەر پڕۆژەی ستراتیژیی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر کەوتووە. بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پرۆسەی دابەشکردنی قەرەبووەکان دەست پێ بکات.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە نزیکەی 500 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەر ئەم پڕۆژەیە کەوتوون و داوا لە جووتیارانی زیانمەند دەکات لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بکەن، بۆ ئەوەی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر قەرەبووەکانیان وەربگرنەوە.

ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی تەکنیکی و ژێرخانەوە، پشت بە ڕاکێشانی 480 کیلۆمەتر بۆڕی لە جۆرەکانی سپایڕۆڵ و ئەسیلین دەبەستێت و ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاکژ بەپێی ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دابین دەکات. پڕۆژەکە خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی نێوان شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری و شارەدێیەکانی دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحرکە، عەنکاوە و سێبیران.

هەروەها لە پاڵ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویدا، پڕۆژەکە ڕەهەندێکی ژینگەپارێزی هەیە و بە تەواوبوونی زیاتر لە 1000 بیری ئاو دادەخرێن بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکەدا.

ئەم هەنگاوەی حکومەت بۆ قەرەبووکردنەوەی جووتیاران هاوکاتە لەگەڵ تەرخانکردنی 27 ملیار دیناری زیادە بۆ بەستنەوەی پڕۆژەکە بە تۆڕەکانی ناوخۆی ئاوی هەولێرەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا کاریگەرییە گەورەکانی لەسەر کەرتی خزمەتگوزاری لە پایتەختدا دەربکەوێت.