کۆمپانیاکانی فڕین و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکەن کە ئاڵۆزییەکانی چەند مانگی ڕابردووی ناوچەکە کاریگەری لەسەر کەرتی فڕین دروستکردووە، بەڵام لە ئێستادا جووڵەی گەشتەکان گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی پێش هەڵگیرسانی جەنگ.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026 لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانیی فڵای ئەربیل ڕایگەیاند: “گەشتەکانمان بە تەواوی ئاسایی بوونەتەوە و لە ئێستادا هەفتانە نزیکەی 35 گەشت ئەنجام دەدەین.”
لاوەند مەمووندی، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، نرخی تیکتەکانیان بە ڕێژەی 10% زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێلی ئاسمانیی فڵای ئەربیل ڕوونیشی کردەوە کە گرانبوونی تیکتی فڕۆکە دیاردەیەکی جیهانییە و بەهۆی کێشەی سووتەمەنییەوە لە ئەوروپاش نرخەکان بە ڕێژەیەک لە نێوان 25% بۆ 30% بەرزبوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێبین خەسرەو، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (موون لاین) بۆ گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد، کە هێشتا جۆرێک لە دوودڵی لە لایەن گەشتیارانەوە هەیە سەبارەت بە سەقامگیری دۆخی ئاسمانی، بەڵام پێشبینی دەکەن ئەگەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی و یەکجاری لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بێتە ئاراوە، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاوتر ڕوو لە زیادبوون بکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران، گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا تووشی ڕاگرتن بوبوون.