وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی گشتاندنێکی فەرمییەوە کە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی کردووە، ڕێکار و مەرجە نوێیەکانی خەرجکردنی “دەرماڵەی پایە”ی ڕاگەیاند. بەپێی بڕیارەکە، چیتر دەرماڵەی پایە بۆ ئەو پۆست و پێکهاتە کارگێڕییانە خەرج ناکرێت کە بەم دواییانە وەک یەکەی نوێ لە ناو فەرمانگەکاندا دامەزراون.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا کە بە واژۆی وەزیری دارایی دەرچووە، هاتووە: “دەرماڵەی پایە تەنها ئەو گۆڕانکارییانە دەگرێتەوە کە لە پۆستە بنەڕەتییەکاندا دەکرێن، بەو مەرجەی پۆستەکە لە بنەڕەتدا لە پەیکەری ڕێکخستنی فەرمانگەکەدا هەبووبێت و تەنها کەسەکان گۆڕدرابن.” ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر فەرمانبەرێک لە شوێنی فەرمانبەرێکی تر لە پۆستێکی جێگیردا دەستبەکار بێت، مافی وەرگرتنی دەرماڵەکەی دەبێت.
سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتی، بەش و هۆبە نوێیەکان، وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەرماڵەی پایە بۆ ئەو پێکهاتانە نابەسترێت کە لە دوای دەرچوونی گشتاندنی دەرماڵەی پایە ڕەزامەندی هێنانەکایەیان دراوە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لەم قۆناغەدا سەرجەم ئەو مامەڵانەی بۆ بەستنی دەرماڵە بۆ پۆستە نوێیەکان نێردراون، ڕەت دەکرێنەوە و دەگەڕێنرێنەوە بۆ وەزارەتەکانیان.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میلاکات و خەرجییەکان دێت، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی زیاتری دەرماڵەکان لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.